٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی بازرگانی: جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان بەردەوام دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەشتەكانی لەگەڵ ٢٢ وڵات قەدەغە كردووە، بەڵام جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان بەردەوام دەبێت.

فەتحی مەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە بەیاننامەیەكی لەبارەی قەدەغەكردنی هاتوچۆی ھاووڵاتیان بۆ ٢٢وڵات ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەو قەدەغەكردنەی هاتوچۆ، جوڵەی بازرگانیی ھەرێمی  كوردستان لەگەڵ وڵاتان ناگرێتەوە و بەردەوام دەبێت.

مەجید گوتیشی، جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان ھیچ كات نەوەستاوە و بەردەوام بووە، سەرەڕای ئەو بڕیارە نوێیەی وەزارەتی ناوخۆش، جوڵەی بازرگانی لەگەڵ ھەموو وڵاتان بەردەوام دەبێت و ناوەستێت.

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، گەشتكردنی ھاووڵاتیانی بۆ ٢٢وڵات قەدەغە كردووە، لەوانە، بەریتانیا، نەمسا، بەلجیكیا، جۆرجیا، فەڕەنسا، یۆنان، ئیرلەندا، لۆكسمبۆرگ و سلۆڤاكیا، ئیسپانیا و بەڕازیل، ئەمەریكا و ھیند و باشووری ئەفریقیا، ئوستوڕالیا و ھۆڵەندا، ژاپۆن و زامبیا، ئەڵمانیا و فینلاند.

وەزارەتی ناوخۆ، وێڕای ئەوەی گەشتكردن بۆ ٢٢وڵاتی قەدەغە كردووە، ھاتوچۆی گەشتیارانی لە نێوان ھەرێم و ئێران لە ھەرسێ دەروازەی سنووری باشماخ و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران، ئاسایی كردووەتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار