"پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆبوویەوە"

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و بڕیارە حەفتەی داهاتوو سەردانی چەند لایەنێکی دیکەی سیاسی بکەن.
عەلی حوسێن، ئەندامی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتیمان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان باس لە سێ خاڵی سەرەکی کرا، لەوانە یەکڕیزیی کورد لە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە پشکی بودجەی هاووڵاتییانی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق تا کورد بە یەکگرتوویی بچێتە نێو هەڵبژادنی پێشوەختەی عێراق کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بەتایبەتیش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دەنگی کورد نەفەوتێت."
ئەندامەکەی شاندی پارتی گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ جەخت لەسەر ڕێککەوتنی پێشوو کرا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و پڕکردنەوەی پۆستەکانی حکوومەت."
عەلی حوسێن ئاشکرای کرد، سەردانەکانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام دەبێت و حەفتەی داهاتووش سەردانی ژمارەیەک لایەنی دیکەی سیاسی دەکەن.
قائید میرۆ




