پەرلەمان بۆ KDP: كاری جیددی دەكەین بۆ ئەوەی سۆران بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ

سۆران-KDP.info- سنووری قەزای سۆران ناوچەیەكی فراوانە و دەكەوێتە سێگۆشەی نێوان سێ وڵاتەوە، كە بریتین لە ھەریەك لە عێراق و ئێران و توركیا، ھەروەھا چوار لە قەزاش لەخۆ دەگرێت، چین و توێژەكانی دەڤەرەكەش، داواكارن دەڤەرەكە لە رووی ئیدارییەوە ھاوشێوەی ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، قایمقامی قەزاكەش دەڵێ، ھەوڵ دەدەین لە داهاتوویەكی نزیكدا سۆران بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ.
ھەڵگورد نەجیب، قایمقامی قەزای سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە لە سەرەتای دەستبەكاربووماندا، جەختمان لەسەر ئەوە كردووەتەوە، كە پێویستە كارئاسانیی زیاتر بۆ ھاووڵاتیان لە هەموو رووەكانەوە پێشكەش بكرێت، بە تایبەتی لەرووی ئیدارییەوە، سەردانەكەی شاندی پەرلەمانی كوردستانیش بۆ دەڤەرەكە زۆر گرینگ بوو و گفتوگۆی چەندین بابەتمان كرد لەبارەی پڕۆژە و سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكە".
نەجیب ئەوەیشی خستە ڕوو: "لە چوارچێوەی بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ھەموو لایەك ھەوڵەكانمان دەخەینە گەڕ بۆ گەیاندنی خزمەتی زیاتر بۆ ھاووڵاتیانی سنوورەكە و، شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ سەنتەری قەزاكان و ناحیەكان، تا كارئاسانی زیاتر بۆ هاووڵاتیان بكرێت".
ناوبراو دەشڵێت: "لە داھاتوویەكی نزیكدا كاری جیددی دەكەین، بۆ ئەوەی قەزای سۆران بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، چونكە گەیشتن بە ئیدارەی سەربەخۆ، سوودی زۆری ھەیە لە ھەموو بوارێكدا و ئەم ناوچەیە پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، بە تایبەتی لە رووی ئیداری و كەمكردنەوەی رۆتین و كارئاسانی زیاتر بۆ ھاووڵاتیان دەڕەخسێنێت، چونكە ھاووڵاتیان بۆ چەند كارێكی بچووك سەردانی سەنتەری پارێزگای ھەولێر دەكەن".
ھەروەھا ئاماژەشی دا: "بۆ گەیشتن بە ئیدارەی سەربەخۆ، ژمارەیەك رێوشوێنی یاسایی پێویستن، كە زیاتر ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ دیراسەی دەكەن، ھەروەھا ئێمە لەلای خۆمانەوە ئەو دۆكیومێنتانەی كە پێویست بوون، ھەموومان پێشكەش كردوون لەبارەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران".
لە لایەكی دیكەوە، وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە مەبەستی ئاگاداربوون لە كێشە و گرفت و داواكاریی خەڵكی سنووری دەڤەری سۆران، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی دەڤەرەكەمان كرد، لەگەڵ دامودەزگا حكوومییەكانی ناوچەكە گفتوگۆمان لەبارەی داواكاری و رۆڵ و ئەرك كرد، كە پێویستە پەرلەمانی كوردستان بیبینێت بۆ شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ دامودەزگاكانی حكوومەت، كە ھەموومان دەزانینن ئەم ناوچەیە دەڤەرێكی بەرفراوانە و پێكھاتەی چوار قەزا لەخۆ دەگرێت، ھەروەھا یەكێك لە ئەركە ھەرە گرینگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەوەیە، كە كارئاسانی بۆ خەڵك بكات و رۆتین كەم بكاتەوە".
وەیسی گوتیشی: "ھەوڵ دەدەین وەك پەرلەمانی كوردستان پاڵشتی ئەم ھەنگاوە بین و ئەوەی پێویست بێت لە رووی یاساییەوە لەسەر شانی پەرلەمان بێت، دەیكەین و كاری جیددی لەم سێكتەرەدا دەكەین، بۆ ئەوەی ئیدارەی سۆرانیش ببێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ ھاوشێوەی ناوچەكانی تر".
ھاوكات جەختی لەوەش كردەوە: "لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان باسی ھەنگاوەكانی قۆناغی چاكسازیمان كرد، كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆمەڵێك رێوشوێنی گرتۆتە بەر بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، گرینگیشە ھەموو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی ھەرێمی كوردستان پشتگیری لە ھەنگاوەكانی یاسای چاكسازی بكەن".
سیروان سابیر




