"رووبەڕوویی گەندەڵی دەبینەوە"

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی نەزاھەی ھەرێمی کوردستان گوتی، ستراتیژیەتێکی پێنج ساڵی ئامادە کراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و چاوەڕێ دەکرێت لەم مانگە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بکات.
سەرۆکی دەستەی نەزاھەی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''جگە لە ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان پێویستمان بەوە ھەیە ڕووبەڕووی گەندەڵییش ببینەوە و بەو ئاراستەیەش کار بکەین، بۆیە ئێمە ھەموو کات لە ڕاپۆرتەکانی خۆماندا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە پێویستە ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ھاوکاریی دەستەی نەزاھەی ھەرێمی کوردستان بکرێت و زۆریش پێویست."
دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: "ئێمە ستراتیژیەتێکمان ئامادە کردووە بۆ پێنج ساڵ بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، چاوەڕێ دەکرێت لەم مانگە ستراتیژیەکە پەسەند بکرێت."
ئەنوەر باسی لەوەش کرد، ستراتیژیەتەکە زۆر گرنگە و لەو ستراتیژیەتە ڕۆڵی ھەموو دەزگاکان دیاری کراوە، بۆ ئەوەی ھەر یەکەو لە ڕێگەی خۆیانەوە دژایەتیی گەندەڵی بکەن کە ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ھەنگاوێکی گرنگ دژی گەندەڵی بنرێت.
گوتیشی، حکوومەت زۆر جددیە لە نەھێشتنی گەندەڵی وەک چۆن دەستی بە چاکسازی کردووە.
بڵند ئیبراھیم




