٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەناف حەسەن: کۆمسیۆن لە مووسڵ کێشە بۆ دەنگدەران دروست دەکات

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستی پێ کردووە و بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ گلەییی لە ڕێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات بەوەی کێشە بۆ دەنگدەران دروست دەکات.

مەناف حەسەن، بەرپرسی  ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی لە مووسڵ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی عێراقدا بکات، چونکە سەرکردایەتیی پارتی بڕیاری داوە بەشداری ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بکات، ئێمەیش وەک حزب و ئۆرگانەکانی پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی ئامادە بین بۆ ڕۆژی ھەڵبژاردن."

بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ گوتیشی: "کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە سنووری مووسڵ کێشە بۆ دەنگدەران دروست دەکات و پێویستە سەرکردایەتیی کورد بێتە سەرخەت، چونکە ھەر دەنگدەرێک سەردانی بنکەکانی خۆتۆمارکردن بکات ئەوە ھێنان و بردنی پێ دەکرێت و داوای پشتگیریی کۆچ و کۆچبەرانی لێ دەکرێت، کاتیش زۆر کەمە، ماوەی مانگێک کەمە بۆ ھاووڵاتییان."

مەناف حەسەن ڕوونی کردەوە: "زۆر جار دەنگدەر دەچێتە بنکەکانی خۆتۆمارکردن، بەتایبەتی ئەوانەی ئاوارەن لە ھەرێمی کوردستان، پێی دەڵێن ئێمە ئامێری کەمترمان بۆ ھاتووە لە بەغدا، ئەمانە ھەموو کێشەن بۆ دەنگدەر، ڕێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان وەک پێویست نییە، ئەوەیش بەشێکی پەیوەندیی بە ڕێکارەکانی کۆمسیۆنەوە ھەیە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار