٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەرشەد حوسێن: چاوەڕێ دەكرێت لە دەستپێكی مانگی ٣دا بودجە رەوانەی پەرلەمان بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دوو سیناریۆی بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە بەردەستدایە، كە بە داھاتی خۆی، یان بە داھاتی ناوخۆ و ئەوەی لە بەغدا دێت پڕۆژەیاساكە ئامادە بكات، بۆیە بە یەكێك لەو جۆرانە بودجە بۆ پەرلەمان رەوانە دەكات.

ئەرشەد حوسێن، بۆ ماڵپەڕی  فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، جیددییە و بڕیاری داوە ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بكات و رەوانەی پەرلەمانی بكات، چاوەڕێش دەكرێت لە دەستپێكی مانگی ٣دا حكوومەت پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات.

حوسێن گوتیشی: "دوو سیناریۆ بۆ رەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان ھەن، سیناریۆی یەكەم ئەوەیە كە حكوومەت پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات بە بێ پارەی بەغدا، سیناریۆی دووەمیش ئەوەیە، كە حكوومەت لەگەڵ بەغدا بگاتە رێككەوتن و ئەو پارەیەی لە بەغدا دێت و لەگەڵ داھاتی ناوخۆ رەوانەی پەرلەمانی بكات، كە لەسەر ئەو بنەمایانە بودجە ئامادە دەكات، بۆیە ئەو دوو جۆرە ئامادەكردنەی بودجە ھەیە و چاوەڕێ دەكەن لەگەڵ بەغدا یەكلا ببنەوە و دواتر بودجە رەوانە بكەن".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی بە ئامادەكاری كردووە، بەڵام رێژەی پارەكە دەگۆڕێت، كە ئایا بە داھاتی خۆی بێت، یان ئەوەی لە بەغدا دێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ، بەڵام ھەر چۆنێك بێت ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی كوردستان ئامادە دەبێت و حكوومەت جیددبیە لە ناردنی بۆ پەرلەمان".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار