"بەغدا دەیەوێت قەرزی سێ ساڵی جووتیاران بە دوو جار رەوانە بكات"

هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی لەبارەی قەرزی سێ ساڵی جووتیاران كۆبوونەتەوە و ئەوان دەیانەوێت بە دوو جار و دوو نرخی جیاواز قەرزەكە خەرج بكەن. دەشڵێ: "ئێمە ئەوەمان ڕەت كردەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە واقعێك دروست بووە لە بەغدا ھەر چۆنێك بێت پێویستە پارەی قەرزی گەنمی جووتیاران رەوانە بكرێت".
كەریم سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەكو شاندێكی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدامان كردووە و لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی كۆبووینەوە و تێیدا باسی ھەناردەكردنی قەرزی گەنمی جووتیارانمان كرد، چونكە پەیوەندی بە ئەوانەوە ھەیە و داوامان كرد موستەحەقاتی جووتیاران بۆ ساڵانی ٢٠١٤و٢٠١٥و٢٠١٦ رەوانە بكەن، ئەوان دەیانەوێت قەرزەكە بە دوو جۆر رەوانە بكەن و بیكەنە دوو وەجبە، وەجبەی یەكەم ٢٦٦ملیار رەوانە بكەن بە نرخی وەرگیراو و وەجبەی دووەمیش بكەنە نرخی بازرگانی، بەڵام نرخەكەی كەم دەبێتەوە، چونكە ستەمكردنە لە جووتیاران كە كۆی پارەكە ٥٥٧ملیار دینارە".
سلێمان گوتیشی: "ئێمە ناتوانین ئەو ستەمە قبووڵ بكەین، بەڵام ئەوەی گرنگە قەناعەتێك بۆ بەغدا دروست بووە، كە پێویستە موستەحەقاتی جووتیاران رەوانە بكات كە مافی جووتیارانە، ئەوان باسیان لەوە كرد كە پێشتر تێبینییان لەسەر رادەستكردنی گەنمەكە ھەبوو، بەڵام ئێمەش وەڵاممان دانەوە كە گوناھی جووتیاران چییە ناكرێ مافیان بفەوتێت، بۆیە پێویستە پارەكە خەرج بكەن، چونكە گەنمی خۆیان رادەست كردووە و پێویستە حكوومەتی عێراق پارەكە بدات".
ناوبراو ڕوونیشی كردەوە: "بڕیارە لەبارەی كۆمەڵێك پرسی دیكەی پەیوەندیدار بە وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان، لەگەڵ هەردوو وەزارەتدا كۆببینەوە، بۆیە جارێ لە سەردانەكەمان بەردەوام دەبین".
بڵند ئیبراھیم




