٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەداد: هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە تا پشكی هەرێم لە بودجەدا وەك خۆی پەسەند بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ‌: "لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021‌، هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە و هەوڵ دەدەین كورد یەكگرتوو بێت و دواتریش لەگەڵ كوتلە شیعی و سونییەكانیش لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران كۆدەبینەوە، هەروەها لە دەرەوەی پەرلەمانیش شاندی سیاسیی كوردستان لە بەغدان، بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا وەك خۆی پەسەند بكرێت".

د. بەشیر خەلیل حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت‌: "پاش پەسەندكردنی یاسای قەرز، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەندێك گرژییان تێكەوت و بووە هۆی ئەوەی بەغدا بەشێك لە شایستە دارایی و دەستوورییەكان جێبەجێ نەكات، ساڵی ڕابردووش شەش مانگ شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە نەكرا، ئێستاش بودجەی 2021 لە ئارادایە، بۆیە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا لە دوو لایەنەوە هەوڵی خۆمان چڕ كردووەتەوە، هەم بە شێوەیەك بتوانین شایستە داراییەكانی ساڵی 2020 بگەڕێنینەوە، هەمیش بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی ساڵی 2021 بە شێوەی دادپەروەرانە جێگیر بكەین".

حەداد گوتیشی: "تا ئێستا كەشوهەواكە ئارامە، ئەو بڕگانەی لە بودجەكەدا هاتوون لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان، كە بڕگەی 10 و 11ن، خراپ نین، هەرچەندە ئێمە تێبینیمان لەسەر كۆی پڕۆژەیاساكە هەیە، بەڵام دەكرێت كاری لەسەر بكەین و هەوڵ دەدەین وەكو خۆی تێپەڕێت، لەوانەیە دەنگی ناشازیش دروست بێت بۆ رێگریكردن".

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "هەوڵمان ئەوەیە وەكو كورد بە یەكهەڵوێستی مامەڵە لەگەڵ بودجە بكەین، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ چەندین فراكسیۆنی كوردی كۆبوونەوەمان كردووە و بڕیارە لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان كۆببینەوە، هەرچەندە ڕا و بۆچوونمان لە یەكتری نزیكە و ئاگاداری ڕا و بۆچوونی یەكترین، بەڵام دەبێت دانیشین و هەڵوێستێكی یەكگرتوو دروست بكەین، دواتریش لە نەخشەڕێگاكەی خۆمان دامانناوە چەند تیم و گرووپێك دروست بكەین بۆ سەردانیكردنی فراكسیۆنەكانی شیعە و سووننە، بۆ پەیوەندیكردن بە فراكسیۆنە شیعە و سوننەكانیش، دەستمان پێ كردووە و دوێنێ فراكسیۆنی هاوپەیمانیی سائیرون سەردانی ئێمەیان كرد".

ناوبراو دەشڵێ: "ئێستا شاندێكی سیاسی لە بەغدان و هەروەها شاندێكی حكوومییش هاتوونەتە بەغدا، كە شاندی وەزارەتی كشتوكاڵە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكان بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا لە دەرەوەی پەرلەمان قسەكردن لەگەڵ سەركردەی لایەنە سیاسییەكان گرنگە ‌و پێویستە شاندێكی سیاسیی باڵا یاخود سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بێت"‌.

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار