٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئانو جەوھەر: ژمارەیەک کۆمپانیای گەیاندن دراونەتە دادگا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ژمارەیەک کۆمپانیا دراونەتە دادگا و وەزیری گواستنەوەش دەڵێت، سێ کۆمپانیا ھەڵوەشێندراونەتەوە و ئاشکرایشی کرد ئەمساڵ پڕۆژەی ستی‌پاس دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

ئانو جەوھەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئێمە ٤٩ کۆمپانیای گەیاندمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی باج بدەنە حکوومەت، لەو ژمارەیەکە ٢١ کۆمپانیا پابەندی جێبەجێکردنی یاسا بوونە و ١١ کۆمپانیاش دراونەتە دادگا و سێ لەو کۆمپانیانە ھەڵوەشێندراونەتەوە، ھەر کۆمپانیایەکیش بەپێی یاسا شایستە داراییەکانی نەدات بە حکوومەت ئەوە دەدرێتە دادگا، یان ھەڵدەوەشێندرێتەوە، یان دەخرێتە لیستی ڕەشەوە."

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت: "لە بواری گواستنەوەش پڕۆژەی ستی‌پاس لە ھەرێمی کوردستان دەچێتە واری جێبەجێکردن و ئێستا پێداچوونەوەی کۆتاییی بۆ دەکرێت و ئەمساڵ دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە و لە ڕێگەی وەبەرھێنانی پڕۆژەی ستی‌پاسەوە جێبەجێ دەکرێت، ھەروەھا پڕۆژەی دروستکردن و دانانی لۆگۆ و کارتی زانیاری بۆ ئۆتۆمبێڵی تەکسی بەردەوامە."

ئانو جەوھەر ڕوونی کردەوە: "ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەشمان ھەن لە پلانی وەزارەتدا، ئەوانیش پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و بەپێی ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەچنە واری جێبەجێکردنەوە."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار