ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دا

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، دوای ناردنی لیستی ناوی ئەفسەرانی پێشمەرگە بۆ پلەبەرزکردنەوە، لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر داوە و بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی رەوانە کردووە، کە لە ساڵی ٢٠١٧وە بۆیان حیساب دەکرێت و ھەموو جۆرە پلەیەکی تێدایە و سەرجەم ئەفسەرانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
لیوا قارەمان کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی لیستی پلەبەرزکردنەوەی ناوی ئەفسەرانی ھێزی پێشمەرگە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرا بۆ ساڵی ٢٠١٧، لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر داوە و بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی ڕەوانە کردووە و دەست بە جێبەجێکردنی پلەبەرزکردنەوەی ئەو ئەفسەرانە دەکرێت، کە رەزامەندی لەسەر پلەبەرزکردنەوەیان دراوە.
ناوبراو گوتیشی: "دوای ئەوەی رەزامەندی درا لەسەر ناوەکانی ٢٠١٧، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئامادەکردنی لیستی ناوەکانی ٢٠١٨ و ئەوانیش بۆ ئەنجومەنی وەزیران رەوانە دەکەین، بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر ئەوانیش بدات".
کەمال باسی لەوەش کرد، ئەو پلەبەرزکردنەوەیە ھەموو ھێزی پێشمەرگە دەگرێتەوە، ئەوانەی ناو وەزارەت و یەکەکانی ٧٠و٨٠ و ھێزەکانی زێرەڤانی و ھێزەکانی فریاکەوتنیش، جا لە پلەی ملازم تا دوایین پلە لەو لیستەی گەڕاوەتەوە، تێیدایە.
دەشڵێ، ئەوانەی ناویان گەڕاوەتەوە بۆ پلەبەرزکردنەوە، لە ساڵی ٢٠١٧وە بۆیان حیساب دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




