٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رۆژانە ٦٠٠ هاووڵاتی سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، سەردانی ھاووڵاتیان بۆ بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران زۆر باشە و رۆژانە نزیکەی ٦٠٠ھاووڵاتی سەردان دەکەن، هەروەها رۆژانەش ٧٠٠ تا هەزار کارتی نوێی دەنگدان دابەش دەکرێن.

عەبدولڕەزاق مشیر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی  دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "سەردانیکردنی ھاووڵاتیان بۆ بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران زۆر باشە و، خەڵک بەردەوام سەردان دەکەن بۆ دڵنیابوون لەناوی خۆیان، چ ئەوانەی  دەیانەوێت دڵنیا بن لە ناوەکانیان یاخود ناویان تۆمار کردووە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، کە ئێستا وەجبەی پێنجەمی کارتەکان دابەش دەکرێت، چونکە چەند رۆژێک پێویستە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکە و رۆژانە نزیکەی ٦٠٠کەس سەردانی بنکەکان دەکەن".

ناوبراو گوتیشی، رۆژانە لە سەرجەم بنکەکانی تۆماری دەنگدەران ٧٠٠ بۆ ھەزار کارتی دەنگدان دابەش دەکرێن.

دەشڵێ: "ئەوانەی تازەش دەتوانن دەنگ بدەن، کە لەدایکبووی ساڵەکانی ٢٠٠١و٢٠٠٢و٢٠٠٣ن، بە رێژەیەکی بەرچاو سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن و ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، تا بۆ یەکەم جار بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی سەردانیکەرانی بنکەکان زۆر باشە و ھیوادارین خەڵک زیاتر ڕوو لە بنکەکان بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیا بن ناویان ھەیە و دواتر تووشی کێشە نەبن".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار