ئەیاد حەسەن: ژمارەیەک کارگە لە دھۆک دادەمەزرێن

دهۆک-KDP.info- بڕیارە لە سنووری پارێزگای دھۆک ژمارەیەک کارگەی نوێ بکرێنەوە و سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانییش دەڵێت، بەرھەمی ئەو کارگانە بۆ ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت و پێداویستیی ڕۆژانە دابین دەکەن.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو بەردی بناغە بۆ ناوچەی پیشەسازیی خۆراک لە قەزای سێمێلی نزیک دھۆک لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داندرا، ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە و کۆمپانیای جێبەجێکار خەریکی گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ ئەو ناوچەیە."
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆک گوتی: "بڕیارە ژمارەیەک کارگە لە ناوچەی پیشەسازیی خۆراک دابمەزرێن و بەرھەمەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش بێت، چونکە کۆمپانیای ناوخۆ کارگەکان دادەمەزرێنن لە ڕووی بەرھەمەوە توانای خواستی بازاڕەکانی ھەرێم و عێراقیشیان ھەیە."
ئەیاد حەسەن ڕوونی کردەوە: "دامەزراندنی ئەو کارگانە کە ژمارەیەک کارگەی جۆراوجۆرن کاریگەرییان لەسەر ھەلی کار دەبێت و بە ھێزی ناوخۆ دەتوانن پێداویستیی بازاڕ پڕ بکەنەوە، ئەوەش جێگەی ئومێدە بۆ ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان بتوانین پشت بە بەرھەمی ناوخۆ ببەستین."
قائید میرۆ




