٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ئاسۆ حەوێزی: لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر لەبارەی پێکۆتەی کۆرۆناوە لە دانوستانداین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- حەفتەی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیای فایزەر بۆ بەرھەمھێنانی پێکۆتەی کۆرۆنا کۆ بوونەوە و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستییش دەڵێت، ''ئەگەر پێویست بێت جگە لەو بەشەی عێراق بۆمان دەنێرێت لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێم ڤاکسینەکە دابین دەکەین."

د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەکی وەزارەتی تەندروستی بە سەرۆکایەتیی وەزیری تەندروستی لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر کۆ بووینەتەوە، کۆمپانیاکە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانییەوە مۆڵەتی دابەشکردنی ڤاکسینەکەی پێ دراوە، ئێمەیش دەمانەوێت سوودمەند بین، چونکە ڕاستە ئەو گرێبەستەی عێراق کردوویەتی بۆ کڕینی ڤاکسینەکەی فایزەر، بەڵام ئەگەر بەشی نەکرد ئەوە دەتوانین بۆخۆمان وەک ھەرێمی کوردستان بکڕین."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەییی نیشان داوە بۆ ئەوەی ئەگەر پێویستی کرد ئەوە وەزارەتی تەندروستی سەرپشکە ڤاکسینەکە بکڕێت، لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو باس لە چۆنیەتیی بەکارھێنانیشی کراوە، بەتایبەتی ئێمە لیژنەی ڕاوێژکاریمان ھەیە بۆ بەکارھێنانی ڤاکسینەکە."

د. ئاسۆ حەوێزی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرکەسێک دەبێت دووجار ڤاکسینەکە بەکار بێنێت، لەگەڵ کۆمپانیا لەسەر چۆنیەتیی بەکارھێنانی دانوستان کراوە، ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە کاتی گەیشتنی بە باشترین شێوە بەکاری بێنین بۆ ئەوکەسانەی پێویستن، ھەروەھا لەسەر ھەڵگرتنیشی زانیاری و شوێنمان دەبێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار