٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەرمیان.. 1600 مامۆستا لە كرێچێتی ڕزگاریان دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

گەرمیان-KDP.info- كاركردن لە پڕۆژەی بەهەشتی كەلار، كە حەوت هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان لە خۆ دەگرێت، بەردەوامی هەیە و سەرۆكی لقی گەرمیانی سەندیكانی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێت، بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە كراوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا تەواوی یەكەكان بەسەر مامۆستایانی بەشداربوو لە پڕۆژەكە دابەش دەكرێت.

ئازاد حەسەن، سەرۆكی لقی گەرمیانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی دوو ساڵە بڕیاری دروستكردنی حەوت هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆ مامۆستایانی سنوورەكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە ئێستادا  27%ی كارەكان لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە تەواو كراوە و لە ئایندەیكی نزیكدا، ڕاستەوخۆ دەست دەكرێت بە ئەنجامدانی تیروپشك بۆ دابەشكردنی خانووەكان بەسەر مامۆستایاندا، بۆ ئەوەی هەر بەشداربوویەك ژمارە و شوێنی یەكەكەی خۆی بزانێت".

سەرۆكی لقی گەرمیانی یەكێتیی مامۆستایان گوتیشی: "لە ئیستادا لە گەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە كە كۆمپانیای (خەیمەت ئەلسەلام)ـە، لەسەر كۆمەڵێك خاڵی دیكە ڕێككەوتوون كە بە جێبەجێكردنیان ئاستی كاركردن لە پڕۆژە خێراتر دەكات، ئەمە جگە لەوەی هەر بەپێی ڕێككەوتنەكە كۆمپانیاكە بڕیاری دا ئاسانكاری لە قیستەكانی مانگی یەك و دووی ئەمساڵ بكات، بە مەرجێك مامۆستایان پەیوەست بن بە پێدانی قیستی مانگەكانی ساڵی (2020) كە رادەستی بانك نەكراوە، لەگەڵ ئەوەش پێویستە تەواوی قیستی مانگەكانی 2020 بدرێت."

ناوبراو دەشڵێ: "پێویستە لەسەر ئەو بەشداربووانەی كڕین و فرۆشتنیان بە یەكەكانەوە كردووە، سەردانی نووسینگەی گرێبەستی كۆمپانیای (خەیمەت ئەلسەلام) بكەن بە مەبەستی بەناوكردنی یەكەكان، لەگەڵ ئەوەدا كۆمپانیا بەردەوام دەبێت لە كاركردن لە خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و ئاو و تەواوكردنی خانووەكان".

راشیگەیاند: "بە تەواوبوونی پرۆژەی بەهەشتی كەلار، 1600 مامۆستای سنوورەكە دەبنە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوونی خۆیان و لە كرێچێتی ڕزگاریان دەبێت".

 

ئەرسەلان ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار