حكوومەت بە دوای پلانێكە بۆ ئاوەدانكردنەوەی سێ گەڕەكی گەورە لە ھەولێر

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمساڵ چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەنێو شاری ھەولێر جێبەجێ بكرێن و سەرۆكی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ، وەزارەتی شارەوانی پلانی ھەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ژمارەیەك گەڕەكی گەورەی ھەولێر.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر ژمارەیەكی بەرچاو پڕۆژەی ھەیە بۆ ئەمساڵ بخرێنە واری جێبەجێكردنەوە و داوامان كردووە لە ئایندەیەكی نزیكدا ١٥%ی داھاتی شارەوانیمان بۆ خەرج بكرێت، تا بتوانین بەو داھاتە خزمەتگوزاری پێشكەش بە ھاووڵاتیانی ھەولێر بكەین، بە تایبەتی بۆ ئەو گەڕەكە نوێیانەی پێویستیان بە خزمەتگوزاری ھەیە".
سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر گوتیشی: "ئەمساڵ ٤٠%ی داھاتی شارەوانی بۆ پڕۆژەی نوێیە لە شەقام و ئاوەڕۆ و رێگا، ھەروەھا ٣٠%ی داھاتی شارەوانی بۆ نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی ھەولێرە و ٣٠%یش بۆ جونكاریی شار تەرخان كراوە".
لەبارەی گەڕەكە گەورەكانیش، عەبدولواحید ئەحمەد روونی كردەوە: "ئێمە ژمارەیەك كەرتی گەروەمان ھەنە لە نێو ھەولێر، لەوانەش ٨ی حەسارۆك و تیمار و باغلۆ منارە، گرفتی ئەو گەڕەكانە ئەوەیە ژمارەیەكی یەكجار زۆر خەڵك چاوەڕێی دەكات و پێویستی بە گوژمەیەكی زۆری پارەیە، بۆ نموونە شوێنێكی وەك ٨ی حەسارۆك ١٦ ھەزار پارچە زەوییە، بەڵام حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی بەدوای چارەسەر دەگەڕێن بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو گەڕەكە نوێیانە، ھەر كاتێكیش گەیشتنە ئەنجامێك، پڕۆژە لەو گەڕەكانە جێبەجێ دەكرێن و ئێمەیش چاوەڕێی پلانی حكوومەتین كە ئێستا دیراسەت دەكرێت".
قائید میرۆ




