وەزارەت بۆ KDP: ھەموو ھەوڵێک دەدەین ئەمساڵ مەنھەج تەواو بکرێت

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم ھەفتەیە لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەدات، ھەر کاتێکیش بڕیاریان دا، ئێمەش وەکو ئەنجومەن کۆدەبینەوە و پلانی خۆمان دادەنێین بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن. دەشڵێ: "پلانمان ھەیە ئەمساڵ لە رێگەی نەھێشتنی پشووەکانەوە مەنھەجی خوێندن تەواو بکەین".
دکتور سەیوان فەرەج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە ئەم ھەفتەیە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان کۆبێتەوە و وەزیری پەروەردەش ئەندامی لیژنەکەیە و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار دەدرێت، ئەویش بە پشتبەستن بە لیژنەی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان دەزانن کە نەخۆشیی کۆرۆنا لە چ ئاستێکدایە و ئایا مەترسی ھەیە دووبارە گەشە بکاتەوە، چونکە ئەوان زانیاریی باشیان لایە، بۆیە کە بڕیاریان لەبارەی پرۆسەی خوێندن دا، ئەو کات ئێمەش پلانی خۆمان ھەیە".
فەرەج گوتیشی: "دوای بڕیاری ئەوان، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەش کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و لەو کۆبوونەوەیەدا پلانی خۆمان بۆ پرۆسەی خوێندن دەبێت، کە بە چ شێوەیەک دەست پێبکاتەوە، چونکە ھەموو ھەوڵێک دەدەین کە ئەمساڵ خوێندن نەفەوتێت و مەنھەجیش تەواو بێت، هەروەها ھەوڵ دەدەین لە رێگەی نەھێشتنی پشووەکان ئەو کاتانە قەرەبوو بکەینەوە و تەنھا پشووی نەورۆز و جەژن ھەبێت و ئەوانەی دیکە لادەدرێن".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "هەر کاتێک لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا بڕیاری دا، ئەوکات ئێمەش بەپێی ئەو بڕیارە مامەڵە دەکەین، چونکە بڕیاردان لە دەست لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنادایە".
بڵند ئیبراھیم




