"هاوکارى بڕیاره‌که‌ى حکوومەتى هه‌رێم ده‌بین بۆ نه‌هێشتنى کارى نایاسایى له ده‌روازه سنوورییه‌کان"

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرى گومرکى هه‌رێم ڕایگەیاند, پێشوازى له بڕیاره‌که‌ى حکوومەتى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن بۆ کۆنترۆڵکردنى ده‌روازه سنوورییه‌کان و نه‌هێشتنى دیارده‌ى قاچاخچێتى و کار نایاسایى له مه‌رزه‌کان و ڕێگری‌کردن له به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتى. ده‌شلێت, هه‌ر ڕێگرییه‌ک له بابه‌تى قاچاخچێتى و نه‌هێشتنى کارى نایاسایى هه‌نگاوێکى گرنگه بۆ زیادکردنى داهاتى حکوومەت.
ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان, بەڕێوەبەرى گومرکى هه‌رێمى کوردستان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "هه‌ر بڕیارێک به ئاراسته‌ى نه‌هێشتنى کارى قاچاخچێتى و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى و ڕێگه‌گرتن بێت له هه‌ر کارێکى نایاساى که پێشتر له ده‌روازه سنوورییه‌کان هه‌بووه, بڕیارێکى یه‌کجار باش و گرنگه ئه‌گه‌ر وه‌ک خۆى جێبه‌جێ بکرێت کاریگه‌ریى ده‌بێت له ڕێگری‌کردن لە به‌هه‌دەردان و به‌فیرۆچوونى داهات و دواجاریش داهاتى ئه‌و ده‌روازانه زیاد دەکات.''
گوتیشى: "هه‌رچه‌نده هێشتا میکانیزمى جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که نازانرێت چۆنه، به‌ڵام به که‌وتنه بوارى جێبه‌جێکردنى بڕیاڕێکى له‌م شێوه‌یه, دیارده‌ى قاچاخچێتى و به‌رتیلخواردن و هه‌رکارێکى دیکه‌ى نایاساى که پێشتر کراوه ڕێگه‌ى لێ ده‌گیرێت, ئه‌مه‌ش ڕاسته‌خۆ کاریگه‌ریى له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه و ڕێنه‌دان و نه‌هێشتنى بارى قاچاخ و بارى نایاسایى ده‌بێت، چونکه ئه‌وکات خه‌ڵک په‌نا ده‌باته به‌ر شێوازى فه‌رمى و ئه‌وه‌ش بێگومان زیادبوونى داهاتى حکوومەتى له ده‌روازه سنوورییه‌کان لێ ده‌که‌وێته‌وه."
به‌ڕێوەبه‌رى گومرکى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: ''ئه‌وان وه‌ک بەڕێوەبەرایه‌تیى گومرکى هه‌رێم پێشوازى له بڕیارى حکوومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ده‌روازه سنوورییه‌کان ده‌که‌ن و به هه‌ر شێوازێک پێوست بکات ئاماده‌ى هاوکارین و بۆ ئه‌مه‌ش بێگومان پێوسته هه‌ماهه‌نگى له نێوان وه‌زاره‌تى دارایى و ئه‌و هێزه هاوبه‌شه هه‌بێت که بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێک هێنراوە.
له کۆبوونه‌وه‌ى ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ى ڕابردووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ى مه‌سروور بارزانى، به مه‌به‌ستى ڕێگرتن له پێشێلکارى و سه‌رپێچى و هه‌رکارێکى نایاساییی دیکه که له ده‌روازه سنوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرێت, بڕیارى دروستکردنى هێزێکى تایبه‌ت و هاوبه‌ش له سه‌رجه‌م ده‌روازه سنوورییه‌کانى کوردستان درا.
ئەرسەلان ئەحمەد




