٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: هێزی هاوبەش لە سەرجەم خاڵە سنوورییەكان جێگیر دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، دوای بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ دروستكردنی ھێزێكی ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ خاڵە سنوورییەكان، ئێستا ئامادەكاری بۆ دروستكردنی ئەو ھێزە دەكرێت، كە دروستیش كرا، لە ھەموو خاڵە سنوورییەكان جێگیر دەكرێن.

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بە بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھێزێكی ھاوبەش بۆ خاڵە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت بۆ رێگریكردن لە زێدەڕۆییەكان یاخود قاچاخچێتی و، ھێزەكانیش لە ھەموو خاڵە سنوورییەكان جێگیر دەكرێن.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، ئەو بڕیارە یەكێكە لە بڕیارەكانی چاكسازی و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە ھەوڵێكی جیددی دەدرێت و لە ئێستاشدا میكانیزمێكی بۆ دادەنرێت و بەم زووانە ھێزەكان ئامادە دەكرێن و بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت.

ناوبراو ڕوونیشی كردەوە: "وەكو وەزارەتی پێشمەرگە، چ ھێزێك پێویست بێت بۆ خاڵە سنوورییەكانی رەوانەی دەكەین، ئەو ھێزانەی رەوانەش دەكرێن لە وەزارەتی پێشمەرگە، ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دەكەن و لەو خاڵە سنووریانە جێگیر دەكرێن".

دەشڵێ: "ئەو ھێزانە كاریان پاراستنی بازگە و گومرگە سەرەكییەكان دەبێت و لە تەواوی خاڵە سنوورییەكان جێگیر دەكرێن، كە پارێزگاری لە شوێنە سەرەكییەكانی ئەو خاڵە سنووریانە دەكەن".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار