٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ڤیان: فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ یەكدەنگی كورد كۆدەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەكات و دەشڵێ: "ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردییەكان كۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی یەكھەڵوێست بین و بتوانین پارێزگاری لە پشكی كورد لە بودجەدا بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش باش خۆمان ئامادە كردووە".

د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و ئێمەش وەكو كورد بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا دەكەین، كە بۆ خوێندنەوەی یەكەمە بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ".

سەبری گوتیشی: "خۆمان باش ئامادە كردووە بۆ گفتوگۆی بودجە و وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش پێكەوە كۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی یەكدەنگ و یەكھەڵوێست بین لەبارەی پشكی كورد، كە لە  ھەردوو ماددەی ١٠ و١١ باسی پشكی  كورد دەكات كە پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندیی كورد تێپەڕ بێت و نەتوانن گۆڕانكاری تێدا بكەن".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "پشكی كورد لەو پڕۆژەیاسایەی حكوومەت بۆ پەرلەمانی رەوانە كردووە، باشە ئەگەر گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت، بەڵام لەمەش گرنگتر ئەوەیە، كە كورد یەكدەنگ و یەكھەڵوێست بێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار