بەرھەمی ناوخۆی ھەرێم ھاوشێوەی وڵاتان بارکۆد و لۆگۆی دەخرێتە سەر

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، وەکو ھەنگاوی یەکەم و بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش ھاوشێوەی وڵاتان بارکۆد و لۆگۆی خۆی ھەبێت، بڕیارە سەردانی بەغدا بکەن و دوای سەردانی بەغدا ئەو ھەنگاوە جێبەجێ دەکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی ناوخۆ لە بەرھەمی ھاوردە و قاچاغ و نایاسایی جیا بکاتەوە، لەبەر ئەوەی ١٠ سەربڕخانە لە ھەرێم ھەیە و زیاتر لە ھەزار و٦٠٠ پڕۆژەی مریشکی گۆشتییش ھەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حوسێن حەمە کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە وەکو شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەین و دوای سەردانەکە دەست دەکەین بە دانانی لۆگۆ و بارکۆد لەسەر بەرھەمە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەو مریشکانەی لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دێن."
حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: "مەبەست لەو کارەش بۆ ئەوەیە بەرھەمی ناوخۆ لە بەرھەمی دەرەوە و لەوەی کە بە قاچاغ ھاوردە دەکرێت و، ئەوانەی مۆڵەتیان نییە، جیا بکرێتەوە، چونکە لە ھەرێمی کوردستان ١٠ سەربڕخانە ھەیە، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەین بە خەڵک کە ئەمانە بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانن."
کەریم باسی لەوەش کرد: "ئەگەر ئەو پڕۆژانەی ھەمانە ھەمووی کار بکەن و ھەمووی مریشکەکان ڕادەستی سەربڕخانەکان بکرێن، بێگومان بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەکات، چونکە زیاد لە ھەزار و٦٠٠ پڕۆژەی مریشی گۆشتمان ھەیە، بۆیە ژمارەکە زۆرە."
گوتیشی: "ساڵی ڕابردوو بەراورد بە ساڵی پێشتر زۆر پڕۆژەی نوێ جێبەجێ کراوە، بۆیە ئەگەر پڕۆژەکان ڕێک بخرێنەوە، ئەوانەی پەیوەندییان بە پیشەسازیی پەلەوەرەوە ھەیە، دەتوانین بەشی ناوخۆ دابین بکەین."
بڵند ئیبراھیم




