٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کارەبا: لە دوو ڕێگەوە ساڵی ڕابردوو ھەزار مێگاوات کارەبامان زیاد کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ساڵی ڕابردوو لە دوو ڕێگەوە توانییان ھەزار مێگاوات کارەبا زیاد بکەن و ئێستا بەکاری دەھێنن و پلانیان ھەیە بەرھەمەکە زیاتریش بکەن.

بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیار تاھیر بابان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە ساڵی ڕابردوو وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەزار مێگاوات کارەبای زیاد کردووە، ٣٠٠ مێگاوات لەوانە لە وێستگەی خەبات چووەتە ناو تۆڕی کارەبا و گازی سرووشتی کە دەھات بۆ وێستگەکان ٣٨٠ ملیۆن پێ سێجار و ئاستەکەی بەرز کراوە بۆ٤٤٠ ملیۆن پێ سێجار، ئەمەش وای کرد چەند یەکەیەک کە وەستابوون بیانخەینەوە کار، بە کۆی یەکەکان و وێستگەی خەبات نزیکەی ھەزار مێگاوات بۆ ناو تۆڕ زیادی کردووە."

دیار تاھیر بابان گوتیشی: "ئەو دوو ھەنگاوە وایان کرد کە بتوانین وەکو وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی کارەبا ھەزار مێگاوات زیاد بکەین و بیخەینە خزمەت خەڵکی خۆمان و بەردەوام لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی بەرھەمی دیکەش زیاد بکەین."

بابان باسی لەوەش کرد: "ئێستا کۆی بەرھەمی کارەبای ھەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی ٣ ھەزار و٥٠٠ مێگاوات."

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار