٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا بابەكر: ھاوپەیمانان لە ھاوكاریكردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ھاوپەیمانان كاروانێكی دیكەی ھاوكاری، كە لە ئۆتۆمبێلی سەربازی پێك ھاتووە، رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كرد، بەرپرسێكی وەزارەتەكەش دەڵێ: "ھاوپەیمانان بەڵێنی بەردەوامیی ھاوكارییەكانیان پێ داوین".

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشتر ھاوكاریی ھاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە راگیرابوو، بەڵام دوای چەند كۆبوونەوەیەك دووبارە دەست بە ناردنی ھاوكاری كراوە لەلایەن ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتییەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەی ئەمڕۆش دەگاتە وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی سەربازین و دوای گەیشتنیان بەسەر ھێزەكانی سەر بە وەزارەتدا دابەش دەكرێن".

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "ھاوپەیمانان پێیان راگەیاندین كە بەردەوام دەبن لە ھاوكاری و پاڵپشتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، پێشتریش ھەردوو لیوای ١٤و ١٥ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن ھاوپەیمانانەوە پڕچەك كراون و بڕیاریشە بەردەوام بێت".

لیوا بابەكر روونیشی كردەوە: "پاڵپشتیی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە، گرینگە، چونكە ئەوان جگە لە چەك و كەلوپەلی سەربازی، لە ڕووی مەشق و راھێنانیشەوە رۆڵیان ھەبووە لە ساڵانی رابردوودا، بە تایبەتی لە سەردەمی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا".

 

قائید میرۆ 

 

هەواڵی پەیوەندیدار