"چاكسازییەكەی وەزارەتی شەھیدان، ساڵانە ١٢ملیار بۆ حكوومەت دەگەڕێنێتەوە"

ھەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوای بڕینی مینحەی زیاتر لە ١٣ھەزار كەیسی ناشایستە لە وەزارەتی شەھیدان، ساڵانە ١٢ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێتەوە، كە ئەمە قۆناغی یەكەمی چاكسازی بوو و لە داھاتوودا هەنگاوی دیكە بەڕێوەن.
بەرەڤان حەمدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان، مینحەی زیاتر لە ١٣ ھەزار كەسی ناشایستەی بڕی، كە ئەمەش قۆناغی یەكەمی چاكسازییە و پرۆسەی چاكسازی بەردەوام دەبێت و ئەوەی مووچەیان لێ بڕدراوە، لەوانەن كە بەخێوكەری كەسوكاری شەھیدانن، لە داھاتووشدا بەدواداچوون بۆ دۆسیەی شەھیدان و كەسوكاری شەھیدانیش دەكرێت بەپێی یاسای چاكسازی و یاسای ژمارە٩ی كەسوكاری شەھیدان، كە بەركارە".
حەمدی گوتیشی: "ئەوانەی مووچەیان بڕدراوە، كۆی گشتی مانگانە بڕەكەی دەكاتە یەك ملیار دینار، كە ساڵانە ١٢ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێنێتەوە".
دەشڵێ: "ئێمە لە پرۆسەی چاكسازی بەردەوام دەبین و لە داھاتوودا چاكسازیی زیاتر ئەنجام دەدەین".
بڵند ئیبراھیم




