٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فارس عیسا: سەردانی لایەنە عێراقییەکان دەکەین بۆ زامنکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- بڕیارە لە ھەرێمی کوردستانەوە شاندێکی سیاسی سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی بەدەستھێنانی پاڵپشتی بۆ تێپەڕاندنی پشکی ھەرێمی کوردستان لەنێو پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا و سەرۆکێ نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە بەغدا دەڵێت، بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ھێزە سیاسییەکان بکەین.

فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێشتا تازە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق چووەتە پەرلەمان و لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق ئێمەیش پلانمان ھەیە بۆ ئەوەی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بکەین بۆ ڕازیکردنیان بەوەی دەنگ بە پشکی ھەرێمی کوردستان بدەن."

سەرۆکی نوێنەرایەتیی ھەرێم لە بەغدا گوتیشی: "ئێمە دەستەوەستان نابین لە بەرانبەر ماف و شایستە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان بکەین، بەڵام کاتی سەردان و کۆبوونەوەکان دیار نییە."

لەبارەی ئەوەی دەگوترێت زۆرینەی کۆتلەکانی نێو پەرلەمانی عێراق دژی پشکی ھەرێمی کوردستانن، عیسا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەڵێ ڕاستە، دژایەتی ھەیە، بەڵام ئێمەش ھەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ لە ڕۆژانی ئایندە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار