زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری تاپۆ دەکرێن

هەولێر-KDP.info- دوای گۆڕینی نەخشەی قەرەبووی گەڕەکی بەختەوەری، بڕیارە سیمینارێک بۆ سوودمەندبووانی گەڕەکەکە بەڕێوە بچێت و سەرۆکی شارەوانیی ھەولێریش ئاشکرای کرد، دوای پەسەندکردنی نەخشەی نوێ دەست بە تاپۆکردنی گەڕەکی بەختەوەری دەکەین.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گەڕەکی بەختەوەری کە زیاتر لە قەرەبووی گوندی کۆری ناسراوە، نەخشەی پێشووی بەھۆی ھەبوونی گرفتەوە گۆڕانکاریی تێدا کراوە و لەژێر ڕێنمایی و فەرمانی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر توانراوە باشترین نەخشە بۆ گەڕەکی بەختەوەری دیاری بکرێت".
سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر دەشڵێت: "حەفتەی دابێت سیمینارێک بۆ سوودمەندبووانی گەڕەکی بەختەوەری بەڕێوە دەبەین و دوای ڕەزامەندیی ئەوان نەخشەکە پەسەند دەکرێت کە بە ھیچ شێوەیەک ڕووبەری زەوییەکانیان کەمی نەکردووە، بەپێچەوانەوە ڕووبەری سەوزاییەکەی زیادی کردووە."
عەبدولواحید ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "دوای پەسەندکردنی نەخشەی نوێ قۆناغی تاپۆکردنی زەوییەکانی گەڕەکی بەختەوەری بەڕێوە دەچێت، بێگومان ھەرکاتێک تاپۆ بکرێن ئەوە ھاووڵاتیان دەتوانن داوای مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بکەن و ئەوەی پێمان بکرێت وەک حکوومەت و شارەوانی درێغی ناکەین بۆ خزمەتکردنی گەڕەکی بەختەوەری".
قائید میرۆ




