كارگەیەكی ریسایكلین لە سۆران دادەنرێت

سۆران-KDP.info- سەرۆكی شارەوانیی سۆران رایگەیاند، سەرباری ئەنجامدانی دوو پڕۆژە بە گوژمەی ٢٠٠ملیۆن دینار، كارگەیەكی ریسایكلین لە قەزای سۆران دادەنرێت و كارەكانی دانانی كارگەكەش دەستی پێكردووە.
كاوە نەجم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە قەزای سۆران دوو پڕۆژەمان ئەنجام داوە، كە ئەوانیش بریتین لە پڕۆژەی ئاوەڕۆ بە گوژمەی ١٨٠ملیار دینار و كاری قیڕتاوكردن بە گوژمەی ٢٠ملیۆن دینار".
نەجم گوتیشی: "جگە لەوانە، كاركردن لە پڕۆژەیەكی گەورە دەستی پێكردووە و ئەویش دانانی كارگەی ریسایكلینە، كە كارگەیەكی گەورەیە و لەسەر ئاستی وەزارەت ئەنجام دراوە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لە ئێستادا دەست بە دروستكردنی پڕۆژەكە كراوە و ئێستاش رێگاكەی كە دوو (كیلۆمەتر) دەبێت، خەریكە تەواو دەكرێت و شوێنی كارگەكە دروست دەكرێت".
دەشڵێ: "چاوەڕێ دەكەین كارگەكە و پێداویستییەكانی بگاتە دەستمان، بۆ ئەوەی دابنرێت و بكەوێتە كار و خزمەتی شارەكەی پێ بكرێت، كە دروستكردنی ئەو كارگەیە، سوودی زۆری بۆ ناوچەكە دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




