د. ڤیان سەبری: بڕیارە ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، خۆمان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە کردووە و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت. دەشڵێ: "ھەوڵ دەدەین ھەموو فراکسیۆنە کوردییەکان لەبارەی بودجەوە یەکھەڵوێست بن".
د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ٢٠٢١ گەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە بکرێت، کە پشکی کوردیشی تێدایە".
سەبری گوتیشی: "وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆمان بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە کردووە و دەستپێشخەریمان کردووە و دەمانەوێت سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە یەکهەڵوێست بن، بۆ ئەوەی بتوانین پڕۆژەیاساکە لە بەرژەوەندیی کورد تێپەڕێنین".
دوای گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق کە بڕیار بوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە بکەوێتە پشوو، پشووەکەی ھەڵوەشاندەوە بە ھۆی گەیشتنی بودجە بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەی بتوانن پەسەندی بکەن.
بڵند ئیبراھیم




