قایمقامی شێخان: ٦٠%ی پڕۆژەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شێخان جێبەجێ کراوە
__2021_01_03_h16m17s5__ER.jpg)
شێخان-KDP.inf0- لە سەنتەری قەزای شێخان نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن جێبەجێ دەکرێت و قایمقامی شێخانیش دەڵێت، پێشتر فریاکەوتن نەبووە لە قەزاکەیان و لە ئایندەیەکی نزیکدا قەزای شێخان دەبێتە خاوەنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ھەوڵێکی زۆر توانیمان نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن بۆ قەزای شێخان جێبەجێ بکەین و نەخۆشخانەکە دەکەوێتە سەنتەری قەزاکە، دوای گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی لەلایەن بەڵێندەرەوە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شێخان کراوە."
قایمقامی قەزای شێخان گوتیشی: "تا ئێستا ٦٠%ی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و لەلایەن تیمی ئەندازیارانەوە بەردەوام چاودێریی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە دەکرێت، پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە کۆتاییی بێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی سنووری قەزای شێخان."
سەردار شێخ یەحیا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شێخان بە گوژمەی ٥٠٠ ملیۆن دینار لەسەر ئەرکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق جێبەجێ دەکرێت، چونکە شێخان پێویستی بە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن ھەبوو پێشتر بۆ حاڵەتی فریاکەوتن دانیشتووانی شێخان و دەوروبەری ناچار دەبوون نەخۆشخانەکانیان ببنە شارەکانی دیکە، بەڵام دوای تەواوبوونی قەزای شێخان و دەروربەری دەتوانن سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی فریاکەوتن."
قائید میرۆ




