زیاتر لە ٤٠٠ پڕۆژە تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان پارەیان بۆ تەرخان کراوە

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٠٠ پڕۆژە پارەیان بۆ تەرخان کراوە.
زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانەکان و ھاتنی نەخۆشیی کۆرۆنا لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان نەوەستاوە و بەردەوام بووە و تا ئێستا ٤٤٤ پڕۆژەی جێبەجێ کردووە و جێبەجێ دەکرێن و پارەش بۆ سەرجەم پڕۆژەکان تەرخان کراوە."
زاگرۆس فەتاح گوتیشی: "پارێزگای سلێمانی زۆرترین پڕۆژەی بۆ جێبەجێ کراوە، ئەویش ٢٥١ پڕۆژەیە و لە ھەولێر ١٢٨ پڕۆژە و لە پارێزگای دھۆک ٣٩ پڕۆژە و لە پارێزگای ھەڵەبجەش ٢٦ پڕۆژە جێبەجێ کراوە."
گوتیشی: "بەشێک لە پڕۆژەکان لە واری جێبەجێکردندان و کاریان تێدا دەکرێت، چونکە ئەو پڕۆژانە ئەوانەن کە پارەیان بۆ تەرخان کراوە."
بڵند ئیبراھیم




