کاره‌باى هه‌ولێر به گوژمه‌ى ملیارێک و شه‌شسه‌د و نه‌وه‌د و پێنج ملیۆن دینار پرۆژه‌یه‌کى گرنگ جێبه‌جێ ده‌کات

هەولێر-KDP.info- به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیى گشتیى کاره‌باى هه‌ولێر پڕۆژه‌یه‌کى گرنگى کاره‌با له سنوورى شامه‌مک جێبه‌جێ ده‌کات و بەڕێوەبەرى گشتیی کاره‌باى هه‌ولێریش ده‌ڵێت، پڕۆژه‌که ڕۆڵێکى گرنگى ده‌بێت له چاره‌سه‌رکردنى بارزۆریى لۆد و فشار له‌سه‌ر ئۆڤه‌رلۆدى محاویله‌کان و دابینکردنى کاره‌بایه‌کى جێگیر له چه‌ندین گوندى سنووره‌که.
حوسین حه‌مه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی کاره‌باى هه‌ولێر، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "له چوارچێوه‌ى هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌کانى حکوومه‌ت و له‌سه‌ر فه‌رمانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌ر له سه‌رەتاى کابینه‌ى نۆیه‌م توانیویانه به بڕى ( 171) ملیار دینار ژماره‌یه‌ک پرۆژه‌ى گرنگى کاره‌با وه‌ک قۆناغى یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م جێبه‌جێ بکەن که یه‌کێک له‌و پرۆژانەی ئێستا کارى تێدا ده‌کرێت، پرۆژه‌ى دابینکردنى وێستگه‌ى مۆبایلى سنوورى شه‌مامکه، تواناکه‌ى 25 ''ئێم ڤى ئه''یه که ڤۆڵتییه‌ى کاره‌با له 132 که‌یڤى ده‌گۆڕێت بۆ 11 که‌یڤى و به تێچووى ملیارێک و شه‌شسه‌د و نه‌وه‌د و پێنج ملیۆن دینار ئێستا له قۆناغى جێبه‌جێکردندایه."
ناوبراو گوتیشى: "به ته‌واوبوونى پرۆژه‌که، به‌بێ گرفت چاره‌سه‌رى بارزۆریى هه‌ردوو وێستگه‌ى شه‌مامک و ته‌رجان ده‌کات، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌رى بارزۆریى فیده‌ره‌کانى هه‌ردوو وێستگه‌که که کاره‌با ده‌ده‌ن به ناحیه‌ى شه‌مامک و گونده‌کانى, جگه له چاره‌سه‌رکردنى ئۆڤه‌ر لۆدى محاویله‌کان و پێدانى کاره‌بایه‌کى جێگیر و دابه‌شکردنى بڕى کاره‌باى به‌رهه‌مهاتووى وێستگه‌که به شێوه‌ى دادپه‌روانه".
بەڕێوەبەرى گشتیى کاره‌باى هولێر ڕوونیشى کرده‌وه: "وه‌ک قۆناغى سێیه‌م پازده پرۆژه‌ى دیکه‌یان به بڕى ملیارێک و هه‌شتسه‌د و په‌نجا ملیۆن دینار ڕاگه‌یاندووه که هه‌ندێکیان پرۆسه‌ى ته‌نده‌رینیان بۆ کراوه و به‌شێکیشیان ئێستا له قۆناغى جێبه‌جێکردندان."
ئەرسەلان ئەحمەد




