٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەتحی محەمەد: ھەر هاووڵاتییەک گلەیی لە بەرزیی نرخ ھەبێت بەدواداچوونی بۆ دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەھۆی گۆڕانکاریی نرخی دراوی عێراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، گۆڕانکاری بەسەر نرخی کەلوپەلدا ھاتووە و گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانییش دەڵێت، لیژنەکانی بازرگانی و وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن و ھەر هاووڵاتییەکیش بەرزیی نرخی بینێ با پەیوەندییان پێوە بکات.

فەتحی محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی دوو حەفتەیە بەھۆی دابەزینی دیناری عێراقییەوە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ناسەقامیگرییان بەخۆوە بینیوە و نرخی کەلوپەل و کالاکان گۆڕانکارییان بەسەردا ھاتووە، لەبەر ئەوەش وەزارەتی بازرگانی لە ڕێگەی لیژنەکانییەوە بەردەوام بەدواداچوون بۆ نرخی بازاڕ دەکات".

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی دەشڵێت: "لە ھەموو شار و شارۆچکەکان لیژنەکانی چاودێری بە ھەماھەنگیی وەزارەتی ناوخۆ لە بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان بەدواداچوون بۆ نرخ دەکەن و تا ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوو چەندین شوێن سزادراون، سەرەڕای ئەوەی حەفتەیەک پشوو بوو، لیژنەکانمان بەردەوام بوونە لە چاودێری و سزادانی سەرپێچیکاران".

فەتحی محەمەد ڕوونی کردەوە: "ھەر هاووڵاتییەک لە ھەر شوێنێک بینی نرخ زیاد کراوە و ناگونجێ لەگەڵ بازاڕی ئەمڕۆ دەتوانێت پەیوەندی بە لیژنەکانی چاودێریی بازرگانییەوە بکات، یان سکاڵای خۆی بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار و ناوی شوێن و نرخی کەلوپەلەک بە لیژنەکان بگەیەنێت، سزای یاسایی دەدرێت."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار