وەزارەت بۆ KDP: بڕیاری دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنمان لە ھەرێم داوە

ھەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەوان وەكو وەزارەت كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام داوە و ئامادەكاریی تەواویان كردووە بە لەبەرچاوگرتنی رێنمایی تەندروستی، بۆ ئەوەی لە ١٠ی ئەم مانگەدا پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەست پێبكاتەوە. دەشڵێ: "چاوەڕێی لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكەین، بزانین ئەوان چ بڕیارێك دەدەن".
دكتۆر سەیوان فەرەج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و تێیدا بڕیاری داوە كە لە ١٠ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەست پێبكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی ئامادەكارییەكان كراون و پێداویستییەكان دابین كراون بە لەبەرچاوگرتنی رێنمایی تەندروستی، بۆ ئەوەی ھیچ گرفتێك روو نەدات و پرۆسەكە بە ئاسایی بەڕێوە بچێت".
ناوبراو گوتیشی: "چاوەڕێ دەكەین وەزارەتی تەندروستی راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی تەندروستی و كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان ئامادە بكات و لە كۆبوونەوەی حەوتی مانگدا لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا، گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بڕیار سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن بدرێت".
دەشڵێ: "ئێمە بڕیاری دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنمان لە ھەرێمی كوردستان داوە و ئەوەی دیكەش لەسەر بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا دەمێنێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




