٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-بە داخێکی زۆرەوە لەم ڕۆژانەی دواییدا ، چەند ڕووداوێکی نەخوازرا و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان ڕوویاندا و چەند کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ، هێرشیان کردە سەر گەشتییارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

ئەم دەستدرێژیانە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم کە دوورن لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان. هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا و تا ئێستاش، پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و هەمیشە بێ جیاوازی، دەرگای کراوەبووە بۆ میوانداری و لەباوەشگرتنیان ، هەروەها بەردەوامیش سەدان هەزار گەشتییار، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەڕێز و خۆشەویستییەوە پێشوازیان لێکراوە .

بۆیە ڕووداوەکانی ئەم دواییە، نامۆن بە ڕەوشت و کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان.

هەرکەس و لایەنێکیش هەوڵی شێواندن و ناشرینکردنی ئەم کولتوورە بەرزەی کۆمەڵگەکەمان بدات، ڕێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/1/2

هەواڵی پەیوەندیدار