"ئەمساڵ پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ کۆتایی دێت"

ھەولێر-KDP. info- دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی رابردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی پێویستی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ خەرج کرد، قایمقامی ئاکرێ دەڵێ، ئەمساڵ پڕۆژەکە کۆتایی دێت.
مازن محەمەد، قایمقامی قەزای ئاکرێ بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ پڕۆژەیەکی ستراتیژیە و ئاوی خواردنەوە لە قەندیل بۆ سەنتەری قەزای ئاکرێ دابین دەکات، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی پێشتر کارکردن لە پڕۆژەکەدا راگیرابوو ئێستا دەست بە جێ بەجێکردنی کراوەتەوە و کار بۆ تەواوکردنی دەکرێت.
قایمقامی ئاکرێ گوتیشی، "سەرۆکی حکوومەت گوژمەی ھەژدە ملیار دیناری بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە خەرجکردوە و بڕیارە ئەمساڵ کۆتایی بێت و بکەوێتە خزمەت ھاوڵاتیانی ئاکرێ، بەڵام ئەگەر ئاستەنگی دیکەمان بۆ دروست نەبێت، ئێستا لەگەڵ حکوومەت لەسەر خەتین بۆ گۆڕینی بۆڕی پڕۆژەکە.
مازن محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ ئاو بۆ سەنتەری قەزای ئاکرێ و ھەژدە گوندی سنوورەکە دابین دەکات و بەتەواوبوونی کێشەی کەمئاوی ھەم لەسەنتەری قەزاکە و ھەم لەو گوندانەی نزیکن کۆتایی دێت، چونکە ئێستا ساڵانە کێشەی کەمئاوی بۆ ئێمە دروست دەبێت و پڕۆژەی قەندیل کۆتایی بەکەمئاوی دێنێ.
قائید میرۆ




