دەستەی وەبەرھێنان: پلانەکەمان ڕادەگەیەنین.. بایەخ بە سێ کەرت دهدەین

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی، پلانی دەستەی وەبەرھێنان بۆ ئەمساڵ ئامادِە دەکەین و لەم رۆژانەدا پلانەکە ڕادەگەیەنین، کە گرنگیی تایبەت بە سێ کەرت دەدەین، ئەوانیش کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازین.
موخلیس سەلیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی نوێین بۆ ئەمساڵ بۆ ئەوەی رایبگەیەنین و لە کۆتایی ئەم ھەفتەیە یاخود سەرەتای ھەفتەی داھاتوو پلانەکەمان ڕادەگەیەنین، کە ئەمساڵ گرنگی بە چەند کەرتێک دەدەین".
سەلیم گوتیشی: "ئەمساڵ گرنگیی تایبەت بە سێ کەرت دەدەین لە ھەرێمی کوردستان، کە ئەوانیش کەرتەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و پیشەسازین، بۆیەش دەمانەوێت بایەخی زۆر بەو سێ کەرتە بدەین، لەبەر ئەوەی سوودی زۆریان بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە و دەبنە سەرچاوەی داھاتیش بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆیە جارێ نامانەوێت باسی ژمارەی پڕۆژەکان بکەین، بەڵام لە کاتی ڕاگەیاندنی پلانەکەدا، ھەموو وردەکارییەکان دەخەینە ڕوو".
بڵند ئیبراھیم




