٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرمان دزەیی: چالاكییەكانمان وای كردووە خەڵك ھۆشیار ببێتەوە.. خەڵكێكی زۆر دراوە بە دادگا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەولێر رایگەیاند، ئەمساڵ وەكو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەولێر، رێكارەكانمان زۆر توند كردوون، بە جۆرێك تیمەكانمان ٢٤سەعات لە ئەركدا بوون و خەڵكێكی زۆر دراون بە دادگا و سزا دراون.

عەقید فەرمان فازڵ ھادی دزەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئێمە چوار بەشی ھەیە، ئەوانیش لە شەقڵاوە و خەبات و دەشتی ھەولێر و كۆیەن و، كار و چالاكییەكانیشمان ئەمساڵ گەلێك زۆر بوون، كە یەكێك لەوانە بریتی بوو لە پاراستنی دارستانەكان، بۆ ئەوەی كەس نەتوانێ زیانیان پێ بگەیەنێت، ئەمە جگە لە پاراستنی ئاژەڵ و باڵندەكان، كە ھەر كەسێك راو بكات، دەستگیر دەكرێت، لەگەڵ پارێزگاریكردن لە بەنداوەكان، بۆیە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو رێكارەكانمان زۆر توند كردوون و ٢٤سەعات تیمەكانمان لە ئەركدا بوون و ئێشكگرییان كردووە".

دزەیی گوتیشی: "ھەر كەسێك زێدەڕۆیی بكات لە داربڕین یان زیانگەیاندن بە ئاژەڵەكان، دەستگیریان دەكەین و رادەستی دادگایان دەكەین، ئەمساڵیش خەڵكێكی زۆر دراوە بە دادگا و سزا دراون، ئەمەش وای كردووە خەڵك باش ھۆشیار ببێتەوە و ترسی لە ئەنجامدانی زێدەڕۆییكردن و سەرپێچیكردن ھەبێت".

ناوبراو ڕوونیشی كردەوە، ئەو كەسانەی سەرپێچی دەكەن ھەریەكەیان بە جۆرێك سزا دەدرێن، ئەویش لەسەر جۆری سەرپێچییەكە دەمێنێتەوە، جا سزاكە بە پارە یاخود بە زیندانی بێت.

عەقید فەرمان دەشڵێ: "بە هەموو جۆرێك رێگری لە راوكردن دەكەین و ئەگەر بزانین سەرپێچیكاران  لە كاتی راوكردنیش نەگیراون، ھەفتانە تیمەكانمان دەچنە ناو مەیدانی باڵندەكان و لەوێ ئەوەی نەگیراوە، دەستگیریان دەكەین".

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەولێر ئاماژەشی دا: "ئەو باڵندە و ئاژەڵە كێویانەی دەستیان بەسەردا دەگرین، لە دارستانەكان ئازادیان دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار