٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ساڵی دابێ فۆکسی زیاتری جیھان لەسەر ھەولێر دەبێت"

سەرچاوە: KDP.info

-KDP.info-ھەولێر سەرەڕای هەموو ئەو تەحەدیانەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کراون، بەڵام هەوڵیر وەک ناوەندێکی دیپلۆماسی هەر ماوەتەوە و بووەتە پەناگەیەکی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین. شارەزاییەکی دیپلۆماسی نێودەوڵەتییش پێی وایە، هیچ شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین هێندەی هەولێر نەبووەتە جێگای متمانەی جیهان لە بواری دیپلۆماسی دا.

دوای ئەوەی نێردە دیپلۆماسییەکان کەوتوونەتە بەردەم هەڕەشە لەبەر هێزە لەیاسادەرچووەکانی عێراق، هەڕیمی کوردستان ڕوویەکی جوانی پێشانی وەڵاتانی جیهان دا بەوەی کە ناوەندە دیپلۆماسییەکان دەتوانن بە ئاسانی کارەکانیان ڕاپەڕینن. لەوبارەیەوە، د. ئیبراهیم موسلیم، پسپۆڕی دیپلۆماسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە فەرەنسا، گوتی: "هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو گوشارە هەرێمی و ناوچەییانەی لەسەریەتی و دەیانەوێ لە ڕێگەی هەندێک لایەن و گرووپەوە دەستیان بخەنە نێو هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبووە بۆ هەرێمی کوردستان، هەرێمیش بەوە نەوەستا توانی پەرە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بدات، دەبینین لەلایەن حکوومەتی عێراق دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام لەبیریان کردووە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام دوای ٢٠٠٣ عێراقی نوێ لە ڕێگەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقەوە لە هەوڵیر ئاوەدان کرا، هەولێر بووە پردی سیاسەتی دانانی ئەم وڵاتە."

هەندێک لایەنی سیاسی هەن دەیانەوێت گوشار لەسەر هەڕیم بکەن و ئەم کیانە دەستوورییەی کورد کە دەستکەوتێکی گەورەی کوردستانییە لەنێو ببەن، لەم بارەیەوە موسلم دەڵێت: ''دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکانی کورد لەم دەستکەوتە بەخاوەن دەرکەون و پاڕیزگاری لەم دەستکەوتە بکەن، ئەمە تەنیا هیوای لایەنێک نییە، ئەمە هیوای هەموو کوردێکە لە هەر کوێیەکی دنیا بێت، چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان نوێنەراتیی تەواوی کورد دەکات و تاکە هیوای سیاسیی کوردە ئێستا لە ناوەندەکانی دنیا سیاسەت دەکات.''

بەپێی زانییارییەکان باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان بەغدا و چەندین وڵاتی عەرەبی ئاراستەی دیپلۆماسییان بەرەو هەولێر گۆڕیوە دەیانەوێت هەولێر بکەنە کەناڵی دیپلۆماسیی خۆیان".

''هەولێر دەرگای دیپلۆماسی بوو بۆ عێراق و هەموو پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتان لە ڕێگەی هەولێرەوە کردەوە، ئێستاش لە فەرەنسا و ئەمەریکا و هەموو وڵاتانی دنیا، لە یاسا دیپلۆماسییەکاندا هاوشێوەی وڵاتانی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن و لە چوونی سەرکردە کوردەکان بۆ وڵاتە زلهێزەکان بەهێزتر مامەڵە لەگەڵ سەرکردە کوردەکان دەکەن.'' موسلم وای گوت.

سەرەڕای ئەو هەموو ئابلۆقەی حکوومەتەکانی پێشووتری عێراق، کەچی هەرێمی کوردستان هەر بەردەوام بوو لە ڕیگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و توانی لە ڕێگە دیپلۆماسییەکانی خۆیەوە لایەنی بەرامبەر ناچار بکات بگەڕینەوە سەر مێزی گفتوگۆ. لەم بارەیەیەوەشەوە، ئیبراهیم موسلم گوتی: "لە شەڕی داعشدا هەڕێمێکی وەک کوردستان و داخستنی فرۆکەخانەکان و گوشاری وڵاتانی ئیقلیمی و نەبوونی بوودجەی پێویست حکوومەتی هەڕێمی کوردستان توانی بە ڕێگەی دیپلۆماسی، هاوپەیمانان و ئەمەریکا و حکوومەتی عێراق بهێنیتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی دیاری بکات کەوا کورد دەتوانێ هەموو بەربەستەکان تێ بپەڕێنێت."

ئێستا هەولێر بووەتە ترافیکی دیپلۆماسی، چەندین کۆنسووڵخانە و نیردەی دیپلۆماسی لە هەولێر هەن و گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی هەولێر ئارامترین شوێنە بۆیان، موسلیم دەڵێت: "تەوەقعی ئەوەش دەکەم ساڵی دابێ فۆکسی زیاتری جیهان بکەوێتە سەر هەولێر، چونکە بەغدا نەیتوانیوە ئەو نێردانە بپارێزێت''.

کاروان باعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار