وەزارەت بۆ KDP: ئەمساڵ بەرھەمی کشتوکاڵ زۆر زیادی کردووە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەھۆی گرنگیدان بەکەرتی کشتوکاڵی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمساڵ بەرھەمی کشتوکاڵ زۆر زیادی کردووە و پلانیشمان ھەیە ساڵی داھاتوو بەرھەمی ناوخۆ بکەینە چوار وەرزە.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بەھۆی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ لەمساڵدا بەرھەمی ناوخۆ زۆر زیادی کردووە و بەردەوامیش لەزیادبووندان ھۆکارەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە كه حکوومەت گرنگی بەکەرتەکە داوە و جووتیارانیش خۆیان ھاندەر بوون.
حوسێن حەمە کەریم گوتیشی، ئەو بەرھەمانەی زیاتر ئەمساڵ زیادی کردوون تەماتە و خەیار و شووتی و پەتاتە و سەوزە و چەند بەرھەمێکی دیکەن، چونکە ئەمساڵ ئەو پلانەی دانرابوو لە قەدەغەکردنی بەرھەمی دەرەکی و دانانی باج وای کرد گرنگی زیاتر بەبەرھەمی ناوخۆ بدرێت.
وتیشی، لەساڵی داھاتوو پلانمان ھەیە لەڕێگەی خانووی پلاستیکی و خانووی شووشەیی بەرھەمی ناوخۆیی بۆ چوار وەرزە ھەمان بێت، لەبەر ئەوەی یەکێک لەسیاسەتەکانی کابینەی نوێ ئەوەیە گرنگی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ دەدرێت، بۆیە ئەوەی لەدەست بێت درێغی ناکەین و بەردەوام دەبین لە گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ.
بڵند ئیبراھیم




