٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گولیزار ڕەشید: ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەیشتین بە ڕێککەوتن ڕێگای دیکە ھەیە بۆ دابینکردن مووچە

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەنجامی دانوستانەکانیان لەگەڵ بەغدا کۆ بوونەوە و بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکەش دەڵێ، ئەگەر لە پەرلەمان شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان پەسەند نەکرێن، ڕێگەی دیکە دەگرنە بەر بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.

گولیزار ڕەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پارلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا شاندی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دانوستانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی لەگەڵ بەغدا خستە ڕوو کە تێیدا ئامادەییی ھەرێمی کوردستانی پێشان دراوە بۆ ڕادەستکردنی نەوت و گەیشتن بە ڕێککەوتن، ھەرچەندە لەگەڵ حکوومەتی بەغدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام مەرج نییە ئەوەی لەسەری ڕێک کەوتوون لە  پەرلەمان گەرەنتی بکرێت".

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان دەشڵێت: "جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم جەختی لەسەر ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت کردەوە، بە مەرجێک بەغداش پابەندی ناردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بێت، چونکە پێش دوو ساڵیش ھەرێم ئامادە بووە نەوت ڕادەستی بەغدا بکات".

گولیزار ڕەشید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەوەی تێ گەیشتین ئەوە بوو کە ھەردوو حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ڕادەستکردنی نەوت و ناردنی شایستەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر لە پەرلەمان پەسەند نەکرا، ئەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەدیلی ئەوەیە لە داھاتی فرۆشتنی نەوت و ناوخۆ مووچە دابین بکات، ھەروەسا پەنا دەبەینە بەر یاسای داراییی ساڵی ٢٠١٩ بۆ ئەوەی بەغدا ناچار بکرێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان خەرج بکات".

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار