٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخالق: ئەنجامی سەردانەكە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق گفتوگۆ دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێم لە ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق رایدەگەیەنێت، شاندێكی باڵای ئەمنیی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد، بۆ ئەوەی بزانین لە ھەرێمی كوردستان بۆ ھەڵبژاردنەكان چ گرفتێك ھەیە لە ڕووی ئەمنییەوە و هەروەها چییان پێویستە، بۆمان دەركەوت ھیچ گرفێتكی ئەمنی لە ھەرێمی كوردستان نییە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان و تەنھا كەرستەی ھەڵبژاردنیان پێویستە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە لە بەغداوە لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمنیی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستانمان كرد، بۆ ئەوەی بزانین بنكەكانی كۆمسیۆن لە ھەرێمی كوردستان چ گرفتێكی ئەمنی و چ پێداویستییەكیان ھەیە وەكو خۆئامادەكردن بۆ ھەڵبژاردنەكان، كە ئامادەكارییەكان دەستیان پێكردووە".

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێم لە ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق گوتیشی: "لەمیانەی سەردانی شاندی باڵای ئەمنی، بۆیان دەركەوت كە ھیچ كێشەیەكی ئەمنی لە ھەرێمی كوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكان نییە و، ئەوەی ھەیە كۆمسیۆن پێداویستی و كەرستەی پێویستە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، گەر نا لە ڕووی ئەمنییەوە ھەرێم ئارامە و بێ كێشەیە".

تەڵعەت باسی لەوەش كرد: "ئێمە ئەنجامی سەردانەكە دەكەینە ڕاپۆرتێك و لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لیژنەی باڵای حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەیخەینە ڕوو و گفتوگۆی لەسەر دەكەین و پێویستە حكوومەتی عێراقیش پێداویستییەكانی كۆمسیۆن لە ھەرێمی كوردستان دابین بكات".

گوتیشی: "سەردانی ئێمە بۆ ھەرێمی كوردستان زۆر باش بوو و ئەنجامەكانیشی زۆر ئەرێنی بوون".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار