دھۆك.. دوو ھەزار شوققە بۆ كەمدەرامەتان دروست دەكرێن

دهۆك-KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆك، یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ھاووڵاتیانی كەمدەرامەت دروست دەكرێن و بەڕێوەبەری ئاوەدانكردنەوەی دھۆكیش دەڵێ، بەشێك لەو یەكانە لە قۆناغی كۆتاییدان و دوای تەواوبوونیش بەسەر خەڵكی كەمدەرامەتدا دابەش دەكرێن.
ئیسماعیل میرخان، بەڕێوەبەری ئاوەدانكردنەوەی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دھۆك دوو ھەزار و ٤٤٠ یەكەی نیشتەجێبوون، كە پێك ھاتوون لە ژمارەیەك شوققە، دروست دەكرێن و دوای تەواوبوونیان بەسەر خەڵكی كەمدەرات و ھەژاری سنوورەكەدا دابەش دەكرێن، بەپێی ئەو مەرجانەی حكوومەت دیاری دەكات.
بەڕێوەبەری ئاوەدانكردنەوەی دھۆك دەشڵێت: "ئەو شوققانەی بۆ خەڵكی كەمدەرات دروست دەكرێن، بەشێكیان لە قۆناغی كۆتاییدان، بە تایبەتی ئەوانەی دەكەونە سنووری قەزای زاخۆ و ئەوانی دیكەش لە قۆناغی جیادان".
میرخان روونیشی كردەوە: "یەكەكانی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای دھۆك بەسەر ھەموو قەزاكاندا دابەش كراون و ھەریەكە و بەشێكی بەركەوتووە، بەڵام ژمارەیەكی زۆرتر لە سنووری ناحیەی فەیدیەی سەر بە قەزای سێمێل دروست دەكرێن بە ھۆی نزیكیی لە شاری دھۆك.
قائید میرۆ




