بڕیارە 800 كەس وەك فەرمانبەری كۆمسیۆن لە كوردستان دابمەزرێن

بەغدا-KDP.info- بڕیارە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق فەرمانبەری هەمیشەیی دابمەزرێنێ و پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێ، پشكی هەرێمی كوردستان 800 فەرمانبەرە.
شیروان جەمال، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژادنەكانی عێراق فەرمانبەر دادەمەزرێنێ، بە تایبەتی ساڵی نوێ پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوە دەچێت و كۆمسیۆن پێویستی بە فەرمانبەری هەمیشەیی هەیە بۆ هەموو پارێزگاكان".
پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتی: "پشكی هەرێمی كوردستان دیاری كراوە و بڕیارە 800 كەس وەك فەرمانبەری كۆمسیۆن لە كوردستان دابمەزرێن".
جەمال روونیشی كردەوە: "ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر بە گرێبەست بۆ كۆمسیۆن كاریان كردووە، ئەولەوییەتیان پێدەدرێت و دەكرێنە هەمیشەیی، بەڵام هەموو ناوەكانیان دەبرێتە بەغدا و دوای پێداچوونەوە، ئینجا دەكرێنە هەمیشەیی".
قائید میرۆ




