وەزارەتی ئەوقاف پڕۆژە و چالاكیهكانی ئهمساڵی له KDPوه دهخاتهڕوو

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ وەزارەتەكەیان چەندین پڕۆژە و كار و چالاكیی ئەنجام داوە، كە بریتین لە دابینكردنی ٦٠ كورسیی خوێندنی باڵا لە دەرەوە و رێكخستنەوەی گوتاری ھەینی و دانانی بۆردی گوتاری ھەینی و نۆژەنكردنەوەی چەندین مزگەوت و پێشكەشكردنی پڕۆژەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایانی ئایینی.
نەبەز ئیسماعیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەمساڵدا وەزارەتی ئەوقاق چەندین پڕۆژە و كار و چالاكیی ئەنجام داوە، سەرەڕای ئەوەی كە قەیرانی دارایی و نەخۆشیی كۆرۆنا ھەبووە، وەكو دانانی بۆردی باڵای رێكخستنی گوتاری ھەینی و دەستنیشانكردنی تەوەری گوتاری ھەینی لەلایەن ئەو بۆردەوە بۆ ھەموو گوتارخوێنانی ھەرێمی كوردستان، جگە لەوەش ھەموو موڵكەكانی وەزارەتی رێكخستەوە و سەرژمێریی بۆ كردوون و بەئەلیكترۆنی كراون".
ئیسماعیل گوتیشی: "وەزارەتی ئەوقاف ئەمساڵ رۆڵێكی كاریگەری ھەبووە لە ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا و پێشكەشكردنی ئامۆژگاری و پشتیوانیكردنی بڕیارەكانی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".
ناوبراو ڕوونیشی كردەوە: "رێكخستنی چەندین دیداری پێكەوەژیانی ئایینی و گرنگیدان بە رەوشی پێكەوەیی كە خاڵی بەھێزی كوردستانە و بەشێكە لە كولتووری خەڵكی كوردستان و كردنەوەی خولی شەشەمی پەیمانگای كوردستان بۆ پەرەپێدانی گوتارخوێنان، كە ماوەی ٤٥ رۆژ سەرجەم ماموستایان بەشداربوون بە قۆناغ، بەشێكی دیكەی كار و چالاكییەكان بوون".
ئەو هەروەها دەشڵێ: "ھەر لەمساڵدا پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبوونمان بۆ مامۆستایانی ئایینی پێشكەشی دەستەی وەبەرھێنان كرد و ھەر ئەمساڵیش چەندین مزگەوتمان لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان نۆژەن كردوونەتەوە، ئەمە جگە لە ھەماھەنگیكردن لەگەڵ دەستەی ژینگە بۆ ھاندانی ھاووڵاتیان ۆ پاراستنی ژینگە".
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەشی دا: "ھەر ئەمساڵ كاروباری عومرەكاران و كۆمپانیاكان رێكخراوەتەوە، لەگەڵ جێبەجێكردنی راسپاردەكانی دیداری حەجی كوردستان و دەستخستنی بواری خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) و دابینكردنی ٦٠ كورسی بۆ مامۆستایان لە دەرەوەی ھەرێم".
ئەوەشی خستە ڕوو: "یەكێكی دیكە لە كارەكانمان، رێكخستنەوەی رێنماییەكانی حوجرەكانی فەقێیان و قوتابخانە ئایینییەكان و بنكەكانی لەبەركردنی قورئانی پیرۆز و كۆككردنەوەی كۆی كارەكانی وەزارەتی ئەوقافە لە كتێبێكی چوار بەرگیدا".
بڵند ئیبراھیم




