٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان بۆ KDP: هۆكاری هاتنی شاندی دانوستانكاری حكوومەت بۆ پەرلەمان ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە رۆژی دووشەممە پەرلەمان و حكوومەت لەبارەی ئەنجامی شاندی دانوستانكاری حكوومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغدا كۆببنەوە، سكرتێری پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێ، حكوومەت ئامادەیە بێت ھەرچی زانیارییە بیداتە پەرلەمان و رای ئەوانیش لەبارەی ھەموو پرسەكانەوە وەربگرێت.

مونا قەھوەچی، سكرتیری پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "نووسراوێكمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردبوو، كە شاندی دانوستانكاری حكوومەت لەبارەی دانوستانەكان لەگەڵ بەغدا و ئەنجامی دانوستانەكان و رێككەوتنەكە ئامادە بن، بۆ ئەوەی لە پەرلەمان بەرچاوڕوونیمان ھەبێت كە شاندەكە گەیشتوونەتە چ ئەنجامێك، بۆیە ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممەی داھاتوو شاندی دانوستانكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان و لیژنەی سامانە سرووشتییەكان و لیژنەی دارایی و لیژنەی یاسایی، كۆببنەوە".

قەھوەچی گوتیشی: "هاتنی شاندی دانوستانكاری حكوومەت بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەیە تەواوی بەڵگە و زانیارییەكان بخاتە بەردەم پەرلەمان و پەرلەمانتارەكانیش بزانن حكوومەت ئامادەیە ھەرچی زانیاری لەبارەی دانوستان و رێككەوتنەكان ھەیە، بیداتە پەرلەمان و رای ئەوانیش لەبارەی ھەموو پرسەكانەوە وەربگرێت".

دەشڵێ: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خۆیشی دوێنێ كۆبووەوە و ھیچ بیانوویەكی بۆ حكوومەتی عێراق بۆ رێككەوتن نەھێشتووەتەوە، بۆیە تۆپەكە لە گۆرەپانی عێراقە و پێویستە ئەوان كێشەكان چارەسەر بكەن، چونكە حكوومەتی هەرێم ئامادەی ھەموو رێككەوتنێكە بەپێی دەستوور".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار