فەتحی محەمەد: چەندین بازرگان و شوێن بەھۆی گرانفرۆشییەوە سزا دراون

دوای بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار نرخی کەلوپەل لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە و گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانییش دەڵێت، لە دوێنێ سێشەممەوە چەندین شوێن و بازرگان بەھۆی گرانفرۆشییەوە سزا دراون.
فەتحی محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی ڕووی داوە لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار کاتییە، بەڵام بووەتە ھۆی ناجێگیریی نرخ لە بازاڕدا، ناسەقامگیریی بازاڕ تەنیا چەند ڕۆژێکە و لەگەڵ بڕیاری نوێ نرخەکان جێگیر دەکرێن، بەڵام شڵەژانی بازاڕ بەھۆی ناجێگیریی نرخی دراوەکانە لە بازاڕدا و خەڵکی زیاتر ڕوویان لە کڕینی دۆلار کردووە".
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی دەشڵێت: "ھەندێ بازرگان کەلکیان لە ناجێگیریی نرخی دراو لە بازاڕ وەرگرتووە و زیاتر لە سنووری خۆیان نرخی کەلوپەل بەرز کراوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو کەلوپەلانەی بە دۆلار کڕین و فرۆشتینان پێوە دەکرێت و ھیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە و نابێت نرخیان بەرز بکرێتەوە".
فەتحی محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە دوێنێ سێشەممەوە لیژنەکانی ئێمە لەنێو بازاڕدا کارا کراونەتەوە و بەدواداچوون بۆ نرخی کەلوپەل دەکەن، دوێنێ تا ئەمڕۆ لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ چەندین شوێن و بازرگانیان سزا داوە بەھۆی بەرزکردنەوەی نرخ و گرانفرۆشی، بەردەوامیش دەبین لە چاودێری ڕەوشی بازاڕ و ڕێگە نادەین خەڵکێک زیاتر لە سنووری خۆی نرخ بەرز بکاتەوە".
قائید میرۆ




