٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەت بۆ KDP: ئامادەكاری كراوە بۆ كڕینه‌وه‌ی گەنمی جووتیاران

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە بۆ كڕینی گەنمی جووتیاران لەلایەن دوو كۆمپانیای كەرتی تایبەتەوە، ئەمساڵ دەست بە كڕینی گەنمی جووتیاران دەكەن، كە لە نرخی بازاڕ گرانتر دەبێت، ئەمەش وا دەكات بەرھەمی گەنمی جووتیاران ساغ ببێتەوە.

حوسێن حەمەكەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو پڕۆژەیەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندووە بۆ ئەوەی لە ھەرێمی كوردستان ئەو گەنمەی جووتیاران كە بەغدا ھەمووی وەرناگرێت، گەنمەكە دەدرێتە دوو كۆمپانیای كەرتی تایبەت، كە ئەو دوو كۆمپانیایە گەنمی جووتیاران دەكڕنەوە و گرێبەستیشیان لەگەڵ كراوە".

حەمەكەریم گوتیشی، كۆمپانیای خۆشناو لە ھەولێر و كۆمپانیای قەیوان لە سلێمانی بە ھاوبەشی گەنمی جووتیاران لە هەرسێ پارێزگاكە وەردەگرن، بە نرخێك كە لە بازاڕ گرانتر بێت، بەڵام ناگاتە ئەو نرخەی كە لە بەغدا گەنمی پێ دەكڕدرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ ڕوونیشی كردەوە، مەرج نییە وەك دەگوترێت ٥٠٠ هەزار تۆن دەكڕن، بەڵكوو ھەر چەندی گەنم ھەبێت كە لەو رێژەش زیاتر بێت، ئەو دوو كۆمپانیایە  دەیكڕن، ئەمەش بۆ ئەوەی گەنمی جووتیاران كە پێیەوە ماندوو دەبن، شوێنێك ھەبێت لێی ساغ بكەنەوە و زیانیان بەر نەكەوێت.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، ئامادەكاری كراوە و ھەر ئەمساڵ ئەو دوو كۆمپانیایە گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان دەكڕنەوە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار