٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. عارف: هەوڵ دەدەین باشترین پڕۆژەیاسا بۆ کرێکارانی هەرێم ئامادە بکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەمەبەستی تەواوکاری داڕشتنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت، ئەمڕۆ سێشەممە سێیەمین کۆنفرانسی ئامادەکاری بۆ ئەو مەبەستە لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.

د. عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پرۆژەیاساکەوە بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە سێیەمین کۆنفرانس و دوا کۆنفرانسی داڕشتنی ڕەشنووسی یاسای خانەنشینیی کرێکاران ساز دەکرێت و پێشتر ئەو یاسایەی کە لە ساڵی 1970وە کاری پێ دەکرێت چەند ماددەیەکی هەموار کراوەتەوە، بەڵام ئەمجارە دەمانەوێ تەواوی یاساکە هەموار بکەینەوە".

باسی لەوەش کرد: "لەم ئامادەکارییەدا نوێنەری تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەکو (پەرلەمانی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەرتی تایبەت، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە کار، ئەنجوومەنی دادوەری، سەندیکاکانی کرێکاران) بەشداریی ئەو کۆنفرانسەن و پڕۆژەیاساکە ئامادە دەکەین و پاشان دەینێرین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی کاروباری یاسایی، دواتریش بۆ ئەنجوومەنی شوراو و ئینجا پەرلەمانی کوردستان کە پەسەندی کرد، ئەوا کرێکاران لە کاتی خانەنشین بوونیان، گەرەنتی ساڵەکانی خزمەت و کاریان بۆ دەکرێت".

د. عارف حیتۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "ڕەشنووسی یاساکە ڕێگری لە هەر پێشێلکارییەک لەدژی کرێکاران دەکات و هەوڵیش دەدەین بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی کرێکارانی هەرێمی کوردستان و  سوودوەگرتن لە ئەزموونی وڵاتان و ڕێنوێنی ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە کار، باشترین پڕۆژەیاسا بۆ کرێکارانی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەین".

هەواڵی پەیوەندیدار