٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پڕۆژەیەکی ئاو بۆ زیاتر لە ٥٠ گوندی دەڤەری بارزان جێبەجێ دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

بارزان-KDP.info- پڕۆژەی ئاوی باڵندە کە ئاو بۆ دەڤەری بارزان دابین دەکات دەستی پێ کردووەتەوە و گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانییش دەڵێت، پڕۆژەکە ئاو بۆ زیاتر لە پەنجا گوندی دەڤەری بارزان دابین دەکات.

کوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی ئاوی باڵندە لە ساڵی ٢٠١٣ دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و ڕەوشی کەشوھەوای ناوچەکە ڕاگیرابوو، ئێستا دووبارە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی بارزان کراوە و بە درێژاییی ٧٠ کیلۆمەتر ئاوی خواردنەوە بۆ ٥٢ گوندی دەڤەرەکە دابین دەکات و یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان".

گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەکە ٧٦%ی تەواو بووە و لەگەڵ کۆتاییھاتنی ئاوی خواردنەوە بۆ دەڤەری بارزان دابین دەکات وەک ناوچەیەکی شاخاوی و بەرفراوانی ھەرێمی کوردستان و کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی دێت لەو سنوورە".

کوردۆ شابان گوتیشی: "پڕۆژەی ئاوی باڵندە توانای بەرھەمھێنانی ھەزار و ٢٠٠ مەتر سێجا ئاوی لە کاتژمێرێکدا ھەیە و دوای تەوابوونیشی کۆمپانیای جێبەجێکار بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەرکی بەکارخستنی لەخۆ دەگرێت، ئەوەش ھەنگاوێکی باش و ستراتیژییە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار