هه‌ڵه‌بجه.. حكوومه‌تی كوردستان چه‌ندین پڕۆژه‌ی ستراتێژیی خستووه‌ته واری جێبه‌جێكردنەوە

هه‌ڵه‌بجه -KDP.info - حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بایەخ بە پڕۆژه‌كانی هه‌ڵه‌بجه ده‌دات و، چه‌ندین پڕۆژه‌ی گرنگی خستووه‌ته واری جێبه‌جێكردنه‌وه و بڕیاره ده‌ست به جێبه‌جێكردنی چه‌ندین پڕۆژه‌ی گرنگی تریش بكرێت.
كاوه عه‌لی، پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "چه‌ندین پڕۆژه له كابینه‌ی ٩ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خراونه‌ته واری جێبه‌جێكردنەوە و 10 پڕۆژه لە سیكته‌ری ڕێگاوبانه".
كاوه عه‌لی زیاتر ده‌ڵێت: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ملیارێك و 300 ملیۆن دیناری بۆ سیانه‌ی ڕێگاوبانی ناوه‌ندی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و ناحیه‌كانی دابین كردووه و ده‌ست كراوه به سیانەكردنی ته‌واوی ئه‌و ڕێگایانه‌ی بوودجه‌ی پێویستی بۆ دابین كرابوو".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "ئێستا پڕۆژه‌ی دروستكردنی بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ڵه‌بجه له بواری جێبه‌جێكردندایه له‌سه‌ر ڕووبه‌ری 12 دۆنم زه‌وی که كولفه‌ی چوار ملیار دیناری بۆ ته‌رخان كراوه".
عه‌زیز ڕه‌سووڵ




