٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ساماڵ عەبدولڕەحمان: بڕیاری بەرزکردنەوەی دۆلار کاریگەریی لەسەر ھێنانی کەلوپەل ھەبووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-PDK.info- ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرک بە گشتاندنێک ھەموو دەروازە سنوورییەکانی ئاگادار کردەوە، کار بە نرخی نوێی دۆلار بکەن و بەڕێوەبەری گشتیی گومرکیش دەڵێت، بڕیارەکە لەلایەن بەغداوە دراوە و کاریگەریی لەسەر جووڵەی بازرگانی ھەیە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق نرخی نوێی بۆ دۆلار دیاری کرد، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ئاگادار کراینەوە کار بە نرخی نوێی دۆلار بکەین، ھەر ئەمڕۆ دەروازە سنوورییەکانمان ئاگادار کردەوە بۆ کارکردن بە نرخی نوێی دۆلار، چونکە ھەموو عێراق یەک سیستەمە و دەبێت ئێمەیش جێبەجێی بکەین".

بەڕێوەبەری گومرک لە وەزارەتی دارایی گوتی: "وەرگرتنی گومرک لە دەروازە سنوورییەکان بە دوو شێوەیە، ھەندێکی بە پارەی دیناری عێراقی و ئەوی دیکە بە دۆلارە، ئەوەی پارەیە بەرامبەر بە دۆلار ھەژمار دەکرێت و بەپێی نرخی نوێی بانکی ناوەندی دیناری عێراقی وەر دەگرین".

ساماڵ عەبدولڕەحمان جەختی کردەوە: "گۆڕانکارییەکەی نرخی دراو کاریگەریی لەسەر جووڵەی بازرگانی پەیدا کردووە و پێشبینی دەکەین ھێنانی کەلوپه‌ل تا چەند ڕۆژێکی دیکەش کەم ببێتەوە، چونکە بازاڕ ناجێگیر دەبێت و خواست وەک پێشتر نامێنێت".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار